سه‌ردار حسێن دێهقان وه‌زیری به‌رگری و پشتیوانی هێزه چه‌کداره‌کانی ئێران که ئه‌مڕۆ شه‌ممه 30ی مانگی گه‌لاوێژ به بۆنه‌ی ڕۆژی پیشه‌ی به‌رگری و له کۆنفڕانسی ڕۆژنامه‌وانی له‌گه‌ڵ هه‌واڵنێران قسه‌ی ده‌کرد، له‌باره‌ی سیاسه‌ته‌کانی تورکیا له سووریا وتی: به‌داخه‌وه ده‌وڵه‌تی تورکیا له سووریا کارێکی خراپی له دژی سیسته‌می سیاسی و ڕه‌وای سووریا ئه‌نجام داوه و کاره‌کانی ئه‌وان له پشتیوانی و به‌هێزترکردنه‌وه‌ی گرووپی تیرۆریستی داعش، له که‌سێک شاراوه نییه و ئه‌مڕۆ ئێمه ده‌بینین که سیاسه‌ته‌کانی تورکیا له به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵک و ناوچه‌که نه‌بووه؛ له کاتێکدا ده‌بینن که له هه‌موو شوێنێکی تورکیا چه‌ندین ته‌قینه‌وه ڕوو ده‌دات و ئاسایشی خودی تورکیا به ئامانجی هاندانی ئه‌و وڵاته بۆ پشتیوانی زیاتری تیرۆریستان ئه‌نجام ده‌درێت، ده‌بێ بڵێین که سیاسه‌ته‌کانی تورکیا و هه‌ندێ له وڵاتانی ناوچه‌که له‌بری ئه‌وه‌ی که له دژی ئیسرائیل بێت، له پشتیوانی له‌و ڕژێمه و له دژی لایه‌نێکی ئیسلامییه.
ناوبراو هیوای خواست له‌وه‌ی که گرووپی داعش له عێراق به کۆتاییه‌کانی خۆی نزیک بێته‌وه و جه‌ختی کرد: به ئازادکردنه‌وه‌ی مووسڵ، گۆڕانکارییه‌کی گرینگ له عێراق دێته‌گۆڕی و داعش به کۆتاییه‌کانی خۆی نزیک ده‌بێته‌وه.
وه‌زیری به‌رگری ئێران له‌باره‌ی دوایین بارودۆخی سووریا و که‌ڵک وه‌رگرتنی فڕۆکه‌کانی ڕووسیا له بنکه‌ی ئاسمانی ئێران بۆ هێرشکردنه سه‌ر تیرۆریستان زیادی کرد: هاوکاری ئێمه له‌گه‌ڵ ڕووسیا به‌پێی سیاسه‌تی گشتی نیزام و به په‌سه‌ندکراوی ئه‌نجومه‌نی باڵای ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و له ئاستی ستراتژییه و که‌ڵک وه‌رگرتنی فڕۆکه‌کانی ڕووسیا له بنکه‌ی ئاسمانی ئێران له‌پێناو هاوکارییه به‌رانبه‌ره‌کان بۆ به‌ره‌نگاری له‌گه‌ڵ تیرۆریستان و کردنه‌ئامانجی کۆبوونه‌وه، مۆڵگه و پێداویستی لایه‌نه تیرۆریستییه‌کان له سووریایه که له‌پێناو هاوکارییه سێ لایه‌نه‌کان و داواکاریی ده‌وڵه‌تی سووریا ئه‌نجام دراوه.
له درێژه‌دا سه‌ردار دێهقان پشتیوانی له لایه‌نی خۆڕاگری له‌پێناو وه‌ڵامی فه‌رمی و یاسایی ئێران به عێراق و سووریا بۆ جێگیربوونی ئاشتی و ئاسایش و به‌ره‌نگاری له‌گه‌ڵ لایه‌نی ته‌کفیری زانی و جه‌ختیشی کرد: پشتیوانی ئێمه له عێراق و سووریا هه‌م ڕه‌وا و هه‌م یاساییه و هه‌م له په‌یوه‌ندییه جیهانییه‌کان وه‌کوو بنه‌مایه‌ک ناسێندراوه؛ ئێمه له ڕووی سه‌ربازییه‌وه یارمه‌تی عێراق و سووریا ده‌ده‌ین و هه‌روا که ڕامانگه‌یاندبوو، ڕاوێژکارانی سه‌ربازی ئێمه له عێراق و سووریا هه‌ن و ئه‌م به‌شدارییه و سیاسه‌ته درێژه ده‌ده‌ین.
سه‌ردار دێهقان له وه‌ڵامدانه‌وه به پرسیارێک له‌باره‌ی دانوستانی ئه‌مریکا و ڕووسیا له‌باره‌ی سووریا وتیشی: ئێمه له‌گه‌ڵ ڕووسیا گه‌یشتینه ڕێککه‌وتن له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی که ئه‌گه‌ر هه‌ریه‌ک له ئێمه، دانوستانێکی له‌باره‌ی سووریا له‌گه‌ڵ دیتران ئه‌نجام دا، به‌پێی زانیاری یه‌کتر بێت.
ڕووسیا و ئه‌مریکا ڕوانگه‌یه‌کی جیاوازیان له‌باره‌ی داهاتووی سیسته‌می سووریا هه‌یه به‌ڵام ئێمه وه‌کوو کۆماری ئیسلامی ئێران پێمانوایه که سیسته‌می سیاسی سووریا ده‌بێ جێگیر بێت و جه‌نابی ئه‌سه‌د وه‌کوو که‌سی بڕیارده‌ر له سیسته‌می سیاسی به له‌به‌رچاوگرتنی ده‌نگی خه‌ڵک ئاماده ببێت که‌واته ئێمه له سیاسه‌تی خۆمان به‌رگریمان کردووه و ده‌یکه‌ین.
ناوبراو جه‌ختیشی کرد: ناکۆکی دیکه ئه‌مه‌یه که له نێوان ئێمه و لایه‌نی ڕۆژئاوا له‌وه‌ی که کام گرووپ تیرۆریسته یان نا، ناکۆکی هه‌یه. ئێمه پێمانوایه داعش، نوسره، ئه‌حرارولشام و جه‌یشولشام سه‌رجه‌میان تیرۆریستن و جیاوازییه‌ک له نێوانیاندا نییه به‌ڵام ئه‌مریکییه‌کان ته‌نیا داعش به تیرۆریست ده‌زانن. له کاتێکدا ئێمه ده‌ڵێین ئه‌و گرووپه تیرۆریست نییه تیرۆریستان له‌ژێر ئاڵایه‌کی دیکه کۆده‌بنه‌وه که‌واته ئێمه ئه‌م پێناسه‌ی ئه‌مریکاییه‌کانمان له تیرۆریست له سووریا قبووڵ نییه.
ناوبراو له درێژه‌دا وێڕای شیکردنه‌وه‌ی به‌رنامه‌کانی وه‌زاره‌تی به‌رگری له بواری لێکۆڵینه‌وه له بۆشاییه‌کانی ئاسمان و پیشه‌ی به‌رگری وتیشی: ئێمه ئه‌مڕۆ هێز و تواناییه‌کی به‌رچاومان له بواری به‌رگری وه‌ده‌ست هێناوه و توانیومانه فڕۆکه‌یه‌کی باش و پێویست دروست بکه‌ین.
ئه‌مڕۆ له به‌شێکی زۆر له دروست کردن و وه‌به‌رهێنانی فڕۆکه به خۆدابینکردن گه‌یشتووین و گرفتی ئێمه ماتۆری فڕۆکه بوو که ئه‌وه‌ش سبه‌ینێ ڕوونوێنی لێ ده‌کرێت.
سه‌ردار دێهقان له‌باره‌ی بارودۆخی فڕۆکه شه‌ڕکه‌ره‌کانی قاهیره وتیشی: له ئێستادا فڕۆکه‌کان دوایین قۆناغی دروست کردن و وه‌به‌رهێنان تێده‌په‌ڕێنن و له داهاتوویه‌کی نزیک ئه‌و بابه‌ته جێبه‌جێ ده‌کرێت.
وه‌زیری به‌رگری ئێران له وه‌ڵامدانه‌وه به پرسیارێک له‌باره‌ی پڕچه‌ککردنی کورده‌کان له‌لایه‌ن ڕووسیا ڕاشیگه‌یاند: ئه‌وه‌ی که بۆچی ڕووسیا و ئه‌مریکا کورده‌کان پڕچه‌ک ده‌که‌ن، پرسێکی گرینگه به‌ڵام پێمانوایه ئه‌مریکییه‌کان بۆ ئامانجی خۆیان کارێکی وا ده‌که‌ن و ئامانجه‌کانیان له‌گه‌ڵ دیتران یه‌کسان نییه.
له‌باره‌ی کاری ڕووسیاش ئێمه هه‌ندێ تێبینیمان هه‌یه که به ڕووسیامان وتووه و ئه‌وانیش ئاوڕییان له‌م تێبینیانه داوه‌ته‌وه....
کۆتایی کورتە نامە/310